دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، عێراق لەسەر ئاستی جیهان پلەی پێنجەمی زیانلێکەوتووترین وڵاتانی جیهانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە گرتووە، کە بووەتە هۆی وشکەساڵییەکی درێژخایەن و بەرزبوونەوەی مەترسیداری پلەکانی گەرما.
لە ڕاگەیەنراوێکی دەستەکەدا هاتووە، گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق تەنها کێشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراک و ئاو، بەرزبوونەوەی خێرای پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی سەرچاوەکان، فشارێکی گەورە لەسەر کەرتی وزە و تەندروستیی گشتیی دروست دەکات، کە ئەمەش پێویستیی بە گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی ئاودێریی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان هەیە تا ڕێگریی لە کۆچی بە کۆمەڵی دانیشتووان بگیریێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ڕێژەی بارانبارین لە 30 ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 35% کەمی کردووە، ساڵانە بڕی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو بەهۆی هەڵمبوون و سیستەمی کۆنەوە بەفێڕۆ دەچێت.
دەشڵێت، ڕۆژانی خۆڵبارین لە 160 رۆژەوە بۆ 250 رۆژ لە ساڵێکدا زیادیکردووە، عێراق 90%ـی سەرچاوەکانی ئاوەکەی پشت بە ئاوە سنووربەزێنەکان دەبەستێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، عێراق ماوەی 20 ساڵە ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی توندی ژینگەیی بووەتەوە، کە بەشێکی پەیوەندیی بە گۆڕانی کەشوهەوای جیهانیی و بەشێکی دیکەشی بە سیاسەتی ئاویی وڵاتانی دراوسێ و کۆنیی ژێرخانی ئاودێرییەوە هەیە.