ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 2026، کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سوریا واژۆ کرا، وەک هیوایەک بۆ دەسپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بینرا، بهڵام دۆخی شاری كۆبانێ بههۆی مامهڵهی گروپه چهكدارهكانهوه. خهریكه تهواوی ڕێككهوتنهكه ههڵدهوهشێنێتهوه.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بریتی بوو لە ناساندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لەناو پێکهاتەی دەوڵەت و گرەنتیکردنی مافەکانی کورد.
هەرچەندە لە ناوچەکانی وەک حەسەکە و قامشلۆ هەنگاوی ئەرێنی نران و هەندێک دامەزراوەی گشتی بە هەماهەنگی و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا دەستیان بە کارکردن کردەوە، بەڵام دۆخی شاری کۆبانێ تەواو پێچەوانەیە، ئهوهش بەهۆی پابەندنەبوونی چەکدارانی حکومەتی کاتیی دیمەشقەوە، خەریکە مەترسی لەسەر پەککەوتنی ڕێککەوتنەکە درووست دەکات.
کۆبانێ تەنیا سنوورێکی ئیداری نییە، بەڵکو بۆ کورد سیمبول و واتایەکی مێژوویی قوڵی هەیە، هەر ئەمەش وایکردووە هەنگاوەکان لەم شارەدا هەستیارتر بن.
یەکێک لە بهربهسته سەرەکییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم، بوونی گروپە چەکدارەکانی سەر بە (سوپای نیشتمانیی سوریا)یە، کە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ تورکیا هەیە و بوونەتە لەپمەرێکی گەورە لەبەردەم جێگیرکردنی ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا ڕێکخراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێكکەوتنەکە، تەنیا لە ناوچەکانی شێخلەر (باشوری ڕۆژئاوای کۆبانێ) و چەلەبیێ (باشوری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ)، چەند خاڵێکی هاوبەشی ئەمنی دانراون، ئەویش بەهۆی پابەندنەبوونی ئەو هێزانەوە، وەک پێویست کارەکانیان نەچووەتە پێشەوە، بەم هۆیەشەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزی تێدا درووستبوو.
ناحیەی چەلەبیێ، بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی نێودەوڵەتیی (M4) لە هێڵی نێوان حەسەکە-مەنبەج، گرنگییەکی ستراتیژیی بۆ کۆبانێ هەیە، لە 19ی کانوونی دووەمەوە، لەژێر گەمارۆی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیدایە، ئەم گەمارۆیەش بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە بکەوێتە مهترسییەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هۆکاری تێکدانی کاری دامەزراوەکانی حکومەتیشه.
بە گوێرەی زانیارییەکانی نوچە تیڤی، دوای گفتوگۆیەکی زۆری نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی، بڕیاری کشانەوەی چەکدارەکان درا، بەڵام پڕۆسەی کشانەوەکە کارەساتی لێکەوتەوە؛ چەکدارەکان پێش ڕۆیشتنیان دەستیان کرد بە تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان و وێرانکردنی باڵەخانەی شارەوانی، کە دواتر بە هەوڵی خەڵکی ناوچەکە و بەرێوەبەرایەتی خۆسەر نۆژەنکرایەوە.
بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتای ئهم مانگهوه ئاڵۆزییەکان دەستیانپێکرد، کاتێک بڕیار بوو باڵەخانەی شارەوانی دوای نۆژەنکردنەوە بەڕووی هاوڵاتیاندا بکرێتەوە، لەو کاتەدا حکومەتی کاتیی سوریا هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە، لە دیمەشقەوە کەسێکی وەک سەرۆکی شارەوانی ڕاسپاردووە، کە خەڵکی دەرەوەی ناوچەکەیە، ئەمەش پێشێلکردنی ڕوونی بنەماکانی ڕێککەوتنەکە بوو، کە تێیدا هاتووە: دەبێت بەرپرسەکان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە هەڵبژێردرێن.
کاتێک خەڵکی ناوچەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و بە ڕێپێوان بەرەو باڵەخانەی شارەوانی بەڕێکەوتن، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی (سوپای نیشتمانی سوریا)، ڕێگریان لێکرا و چەندین کەسیشیان بریندار و دەستگیرکرد، جگە لە پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسانیش پارێزراو نەبوون؛ دەست بەسەر کامێرا و کەلوپەلەکانیاندا گیرا و بەشێکیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە.
ئەم ڕووداوانە ئاماژهی ئهوهن، ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم لە کۆبانێ خەریکە شکست دەهێنێت. ئەگەرچی بە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی (مەزڵوم عەبدی)، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر، بۆ ماوەیەکی کاتی ئاڵۆزییەکان کەمبووەنەوە، بەڵام کێشە سەرەکییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە؛ نە سەرۆک شارەوانییە سەپێنراوەکە لادراوە و نە هێزە چەکدارەکانیش بە تەواوی کشاونەتەوە.