ڕاستەوخۆ

دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر ڤەنزوێلا دەهەژێنن؛ لانی کەم 164 کەس گیانیان لەدەستداوە

reset font size increase font size

دوو بوومەلەرزەی بەهێز و وێرانکەر بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلەی ڕێختەر کۆماری ڤەنزوێلایان هەژاند؛ بەپێی ئامارە سەرەتاییە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لانی کەم 164 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات هۆشداریی توند لەبارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی شۆکهێنەری ژمارەی قوربانییان دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا (USGS)، بوومەلەرزەی یەکەم لە کاتژمێر 06:04ی ئێوارە بە کاتی ناوخۆی کاراکاس، بە گوڕی 7.2 پلە و لە قووڵاییەکی کەمدا لە ویلایەتی کارابۆبۆ ڕووی داوە. تەنیا 39 چرکە دوای ئەوە، بوومەلەرزەی دووەم کە بەهێزتر بوو بە گوڕی 7.5 پلە هەمان ناوچەی لە ڕۆژاوای کاراکاسی پایتەخت هەژاندووە. 

بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە لە پشووی نیشتمانیدا بووە، زۆربەی خەڵک لەو کاتەدا لە نێو ماڵەکانیاندا بوون، ئەمەش قەبارەی زیانە مرۆییەکانی قورس کردووە، توندی زەویلەرزەکە بە ڕادەیەک بووە کە لە سەرتاسەری ڤەنزوێلا و تەنانەت لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیاش هەستی پێکراوە.

زمین لرزه ونزوئلا - ژوئن ۲۰۲۶

ڕاگەیاندنی دۆخی باری ناکاو و مەترسیی نشتنی گاز

دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ گەل، هاوڕێ لەگەڵ دیۆسدادو کابێلۆ، وەزیری ناوخۆ و خۆرخی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی، دۆخی باری ناکاوی لە وڵاتدا ڕاگەیاند و ژەنراڵێکی سەربازیی وەک بەرپرسی یەکەمی بەڕێوەبردنی قەیرانەکە دیاری کرد.

 ڕۆدریگێز ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 بوومەلەرزەی بەهێز تۆمارکراون.

لای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند کە هێڵەکانی غاز و سووتەمەنییان لە چەندین ناوچە بڕیوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە بەهۆی مەترسیی تەقینەوە و دزەکردنی گاز، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و لە ناوچە کراوەکاندا بمێننەوە.

کاراکاس - زلزله

داڕمانی باڵەخانەکان و هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان

گوستاوۆ دوکێ سائز، شارەوانی ناوچەی "چاکاو" لە کاراکاسی پایتەخت ڕایگەیاند، لانی کەم دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی داڕماونەتە سەر زەوی، بەڵام تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 18 کەس بە زیندوویی لەژێر داروپەردۆکەدا دەربهێنن. زیاتر لە 500 کارمەندی فریاکوزاری لەو ناوچەیە سەرقاڵی گەڕانن، چونکە هێشتا دەنگی هاوکاریخوازیی بریندارەکان لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەکانەوە دەبیسترێت.

ئەم کارەساتە یادەوەریی بوومەلەرزە مێژووییەکەی ساڵی 1967ی لە لای دانیشتووانی کاراکاس زیندوو کردووەتەوە کە تێیدا زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستدا. دەستەی بوومەلەرزەزانیی ئەمریکا (USGS) هۆشدارییەکی مەترسیداری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:

"بە ڕێژەی 44% ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان لەم کارەساتەدا 10 هەزار کەس تێپەڕێنێت، و بە ڕێژەی 30%یش ئەگەری هەیە ژمارەکە بگاتە سەرووی 100 هەزار قوربانی، ئەمەش بەهۆی دیاردەی 'شلبوونەوەی خۆڵ' (Liquefaction) کە دەبێتە هۆی داڕمانی کوشندەی باڵەخانەکان."

زمین لرزه ونزوئلا - ژوئن ۲۰۲۶

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی تەواو ئامادەیە بۆ هاوکاریی خێرا و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری و هاوکاریی پزیشکی بەپەلە دەنێرنە کاراکاس.

هاوکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هاوخەمیی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی ڤەنزوێلا دەربڕی و ئامادەیی تارانی بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی نیشاندا.

زلزله ونزوئلا - کاراکاس - ژوئن ۲۰۲۶

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.