وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامارێکی نوێی دارایی بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا حکومەتی فیدراڵ تەنیا 42٪ی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتی ناردووە و زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری لێ بڕیوە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە پەڕتووکی کار، چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی داراییدا (بۆ ساڵانی نێوان 2019 تاوەکو 2025) بە خشتە و زانیاریی ورد بڵاوکراونەتەوە، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا کۆی پشکی هەرێمی کوردستان دوای دەرکردنی خەرجییە سیادی و حاکیمەکان، زیاتر لە 79 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام بەغدا لەو بڕە تەنیا 33 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەشڵێت، حکومەتی عێراق زیاتر لە 48 ترلیۆن دیناری لە پشکی شایستەی هەرێمی کوردستان بڕیوە، ئەمە جگە لەوەی لەو ماوەیەدا بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا ڕەوانە نەکردووە.