ڕاستەوخۆ

11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کۆبانێدا تێدەپەڕێت؛ برینێک کە هێشتا ساڕێژ نەبووە

reset font size increase font size

ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کۆبانێدا تێدەپەڕێت؛ ئەو تاوانە گەورەیەی کە لە 25ی حوزەیرانی ساڵی 2015دا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دژی هاووڵاتییانی سڤیلی شارەکە ئەنجامدرا.

لەو کۆمەڵکوژییەدا 253 هاووڵاتیی و شەڕڤان شەهید بوون و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون، تاوەکو ئێستاش بکەرانی ئەو تاوانە مرۆییە ڕووبەڕووی دادگا نەکراونەتەوە.

کۆمەڵکوژیی کۆبانێ، کە بە "کۆمەڵکوژیی بەرخەبۆتان"یش دەناسرێت، لە کاتێکدا ڕووی دا کە تەنیا پێنج مانگ بەسەر ڕزگارکردنی شارەکەدا تێپەڕیبوو. چەکدارانی داعش دەیانویست لە ڕێگەی ئەم هێرشە غافڵگیرانەیەوە تۆڵەی شکستی خۆیان بکەنەوە.

بەرەبەیانی هەشتەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بوو؛ چەکدارانی داعش بە چوار ئۆتۆمبێلی چەکدارییەوە سەرەتا هێرشیان کردە سەر گوندی "بەرخ بۆتان" لە باشووری شارۆچکەی سڕین و دوای شەهیدکردنی 31 هاووڵاتیی، خۆیان گەیاندە ناوەندی شاری کۆبانێ.

دوای چوونە ناوەوەیان، چەکدارەکان بەنێو گەڕەک و شەقامە سەرەکییەکانی وەک نەخۆشخانەی مشتەنوور، کۆڵانی 48، ڕێگەی حەلەب، گەڕەکی ئازادی، مەکتەلێ و بازاڕی حاڵدا بڵاوبوونەوە و دەستیان بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیل کرد.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، 234 هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون کە لەنێویاندا 35 منداڵ و 64 ژن هەبوون و سێ لە ژنەکانیش دووگیان بوون.

هاوکات لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە و لە دوای شەڕێکی قورس، 30 شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) شەهید بوون و سەرجەم چەکدارە هێرشبەرەکانی داعشیش کوژران.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.