دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق چەند سکاڵایەکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن بەرپرسانی فیدڕاڵییەوە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن هەریەک لە وەزیری داراییی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ڕافیدەین، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ڕەشید و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیاییی نیشتمانی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوون.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە (3326)ی ساڵی 1992 دابوو و داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەکرد، کە پەیوەستە بە تۆمارکردن و گواستنەوەی خاوەنداریەتیی موڵک و باڵەخانە حکومییەکان لە هەرێم بۆ سەر ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە بەرامبەردا، دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا کە سەرجەم ئەو سکاڵایانە لەبەر نەبوونی تایبەتمەندیی دادوەری ڕەت بکرێنەوە.