سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکانی غازی سلێمانی دەڵێت: سێ ڕۆژە بڕی هەناردەی غازی سلێمانی وەک پێش جەنگی لێهاتووتەوە و لەمڕۆژدانەدا قەیرانەکە کۆتایی دێت.
کۆچەر تاهیر سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی بە نوچە تی ڤی ڕاگەیاند: ماوەی سێ ڕۆژە بڕی ئەو غازەی لە کۆرمۆرەوە بۆ کارگەکانى غازی سلێمانی دێت ئاسایی بووەتەوە.
گوتیشى: لە ئێستادا هاوشێوەی پێش جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل ڕۆژانە 240 تۆن غاز لەڕێگەی 12 تانکەرەوە دەگاتە سنوری سلێمانی و 120 تۆنى بۆ ناوەندی سلێمانییە و ئەوی دیکەی بۆ شار و شارۆچکەکانە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەکاتی جەنگدا بڕی ئەو غازەی لە کۆرمۆرەوە دەنێردرایە سلێمانی بۆ نزیکەی 70 تۆن دابەزیبوو ئەوەش ببووە هۆکاری دروستبوونی قەیرانی غاز، هەربۆیە پێدانی غاز بە فۆڕمی خۆراک وەک ڕێگەیەکی چارەسەریی کاتیی دانراوە.
باسیلەوەشکرد: دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان لە ئەگەری سەرهەڵنەدانەوەی جەنگ و بەردەوامی بەرهەمهێنانی غاز وەک ئێستا، لەم 10 ڕۆژەدا هاوڵاتییان غازیان بە نرخى هەشت هەزار و 500 دینار پێدەگات و شتێک نامێنێت بە ناوی قەیرانی غاز.