ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە)، داوای له حکومەتی عێراق کرد لە چوارچێوەی دەستوردا، دان بە مافی خۆبەڕێوەبردن و خۆپاراستنی ئێزدییەکاندا بنێت.
ئەنجومەنەکە لە شەشەمین کۆنگرەی خۆیدا ڕاگهیهنراوێكی بڵاوكردهوه و جەختی لەوەکردەوە، پێویستە بەغداد ئەنجومەنی گەلی شەنگال وەک نوێنەری شەرعیی ناوچەکە قبوڵ بکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا لەسەر بنەمای (ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک) پێناسە بکرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگهیهنراوی کۆنگرەکە، پرسی ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی یەکێک بووە لە بڕگە سەرەکییەکان، کە تێیدا ئاماژە بە دیدگای (عەبدوڵڵا ئۆجالان) کراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان لە ڕێگەی ئاشتی و دیموکراسییەوە.