گوتەبێژی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا ئاگربەستییان پێشێلکردووە و هێرشییان کردووەتە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگریی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا هێرشییان کردووەتە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگریی ئێرانی کە یەکێکیان لە "بەندەری جاسک"ەوە بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشت و ئەوەی دیکەیشیان لە "بەندەری فەجیرە"ـی سەر بە ئیمارات بە ئامانجگیراوە.
زولفەقاری دەشڵێت، لەگەڵ هێرشەکاندا چەندین ناوچەی مەدەنی دیکەی وەک، کەنارئاوەکانی بەندەری خەمیر، سیریک و قیشم لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە هاوکاریی چەند وڵاتێکی ناوچەکە بە ئامانجگیراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان بەمانای پێشێکاریی ڕاستەقینەی ئاگربەستی نێوان هەردوولا دێت و هەڕەشەی بەرپەچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکی سەر ئێرانی کردووە.
سەبارەت بە هێرشەکان، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، سێ کەشتیی فڕۆکە هەڵگریی وڵاتەکەیان لەکاتی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بەبێ هۆ بە ئامانجگیراون و لەبەرانبەریشدا هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانیان داوەتەوە، دەشڵێت، لە هێرشەکاندا هیچ زیانێکیان بەر نەکەوتووە.