توێژەرێکی سیاسی دەڵێت، دانانی چەک نیشانەی هێزە و ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، نیشانەیە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەکی ئاشتییەی سەرکەوتوو.
د. نەشمیل قاسملۆ، توێژەری سیاسی و برازای د. عەبدولڕەحمان قاسملۆ دەڵێت، لە ساڵی 1997ـەوە تاوەکو ئێستا گۆڕانکاریی گەورە لە باکوری کوردستان ڕوویانداوە ئەو دەشڵێت، پێشتر کە دەچووە تورکیا، بەردەوام حزبە کوردییەکان دادەخران و گوندەکان چۆڵ دەکران، بەڵام ئێستا کورد لەناو پەرلەماندایە.
برازاکەی قاسملۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە ئۆجالان ساڵانێکی زۆرە لە زینداندایە، بەڵام بە هزر و نووسینەکانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی هەبووە، ئەو پێیوایە، دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە نەک هەر نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو بەڵگەیە بۆ بەهێزی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ئەگەر دەوڵەتیش بیەوێت پڕۆسەکە بە باشی بەڕیوەبچێت، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت.
هۆشداریشدەدا، کورد نابێت تەنیا پشت بە هێزە دەرەکییەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا ببەستێت، چونکە ئەوان تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کورد بەکار دەهێنن، بۆیە ئێمە پێویستمان بە ئاشتییەکی هەرێمییە، کاتێک یەکگرتوو بین، بەهێز دەبین.