تولای هاتیمئۆغلاری ڕایگەیاند، حکومەت پێشتر چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی دۆخی ڕۆژاڤای دەکرد و ئێستاش چاوەڕێیە جەنگی ئێران یەکلایی بکرێتەوەو دەیەوێت بەگوێرەی ئەمە هەنگاوی نوێی پڕۆسەی چارەسەریی جێبەجێ بکات.
تولای هاتیمئۆغلاری هاوسەرۆکی دەم پارتی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێڤرەنسەل" ڕایگەیاند، هەرکات پڕۆسەی چارەسەریی لە چوارچێوەی زەمینێکی سیاسی و یاساییدا چارەسەر کرا ئەوا بەتەواوەتی چەکەکان بێدەنگ دەبن.
دەشڵێت، پڕۆسەی چارەسەری کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵام دەتوانین بڵێین زۆر بە هێواشی پەرەدەسێنێت و تەنانەت دەتوانین بڵێین حکومەت وەستاوەو چاوەڕێی پێشهاتەکان و یەکلاییبوونەوە دۆخی ئێران دەکات.
گوتیشی، پێویستە تورکیا تەرکیز بخاتە سەر پرۆسەی چارەسەریی نەک پێشهاتە ناوچەییەکان، جەختی لەوەش کردەوە کە ئاشتی بە سینی زێڕین پێشکەش ناکرێت و پێویستە کۆمەڵگە خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە بکات و گوشار بخاتە سەر حکومەت بۆ هەنگاونان لە پڕۆسەی چارەسەریی.