شەڕڤانێکی خەڵکی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، پاش ئەوەی لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە ڕفێنرا، بە سەربڕدراوی دۆزرایەوە.
فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆش دەڵێت، ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی ئاشکرا کراوە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
ئێوارەی پێنجشەممە (10ی ئەیلوولی 2026)، تەرمی شەڕڤان (سایپان حزنی)، ناسراو بە (سامی حوزنی)، گەڕێنرایەوە شاری حەسەکە و لەلایەن کەسوکارییەوە پێشوازی لە تەرمەکەی کرا.
ناوبراو خەڵکی گەڕەکی مفتیی شاری حەسەکە بوو.
بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، ئەو شەڕڤانە سەرەتا لە شاری حەسەکە لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە ڕفێنراوە و دواتر بۆ ناوچەکانی ريفی سەرێکانی (گوندی عدلانة) و دەوروبەری جەبلی عەبدولعەزیز گواستراوەتەوە، پێش ئەوەی بە شێوازێکی دڕندانە و بە سەربڕدراوی گیان لەدەست بدات.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە ڕووداوەکە، بۆیان دەرکەوتووە کە تۆمەتباری سەرەکیی ئەم تاوانە کەسێکە بە ناوی (م. ع).
ئاسایش جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە هەوڵی چڕ و بەردەوامدان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و ڕادەستکردنی بە دەسەڵاتی دادوەری تا سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.