دەرباز کۆسرەت ڕەسول، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، "داوای گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ دەکەین" بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە.
ئەم لێدوانەی درباز کۆسرەت ڕەسول لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا دۆخی سیاسیی هەرێم و عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی جەختی کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تاوەکو حکومەتێکی بەهێز و کارا لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە پێکبهێنرێت.