پرسی داگیرکردنی زەوییە حکومییەکان و مامەڵەکردن پێیانەوە لە شاری کەرکوک بەردەوامە، بە جۆرێک گروپ و باندەکان سەدان دۆنم زەوی بە ناوی پڕۆژەی وەبەرهێنان یان دروستکردنی باخەوە داگیردەکەن و دواتر بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە، ئەوەش لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئیداری و شارەزایان هۆشداری لە مەترسییەکانی دەدەن.
تیمئی نووچە تیڤی لەگەڵ دلێر زێدان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک، سەردانی یەکێک لەو ناوچانەی کرد کە بەشێک لە زەوییەکانی داگیرکراون. ناوبراو لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە جەخت کردەوە که "هیچ زەوییەک بە وەبەرهێنان نادرێت ئەگەر پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر دروستنەکرێت"، و ئەو کەسانەشی بە "مافیاکانی داگیرکاریی زەوی و قووڵکردنەوەی خەڵک" وەسف کرد.
لای خۆیەوە ئاڤێستا محەمەد، قایمقامی ناوەندی کەرکوک، مەترسییەکی دیکەی لەسەر ئەو زەوییانە خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ئەو زەوییانەی کە مافیاکانی زەوی دابەشی دەکەن و دەکرێنە خانوو، ڕێرەوی سروشتیی باران دادەخەن و دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبوونی لافاو".
هاوکات مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە بەشێکی دیکە لەو بازرگانییە بریتییە لە فرۆشتنی زەوی بۆ دروستکردنی باخ و کێڵگە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە، کە پڕۆژەکانیان هیچ کات ناوێردرێت بڕووخێنرێت و بە دور لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان هەندێک جار بۆ مەبەستی نەگونجاویش بەکاردەهێنرێن.
مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی ئەم زەوییە زیادەڕۆیانە لە کەرکوک بە ئاشکرا لە نووسینگەکانی خانووبەرە ئەنجام دەدرێن، لە کاتێکدا جگە لە گرێبەستێکی ئاسایی هیچ بەڵگەیەکی فەرمیی تریان نییە، ئەوەش کاری کڕیارەکان لای دەوڵەت قورس دەکات. لە ئێستادا نرخی زەوییەکی 200 مەتردوجای زیادەڕۆ لە کەرکوک لە 20 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات و بەپێی شوێن و نزیکبوونەوەی لە شەقامە گشتییەکان، بۆ سەدان ملیۆن دینار بەرزدەبێتەوە.