ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بلاوی کردوەتەوە، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئێران یەکەم کاروانی سیستمی مووشەکیی دژەفرۆکەی شانگۆڕی چینی (MANPADS) لە جۆرەکانی QW-12 و FN-16 وەربگرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ژیانەوەی توانا بەرگرییەکانی لە ناو جەنگدا.
بەهای ئەم گرێبەستە نێوان 60 بۆ 70 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە و تێیدا کڕینی 300 بۆ 400 سیستمی مووشەکی لەخۆ دەگرێت.
سەرچاوەکان دەڵێن گرێبەستەکە لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی نێوەندگیرەوە کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە واژۆ کراوە، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین هەوڵەکانی تاران بۆ بەهێزکردنەوەی بەرگریی ئاسمانیی مەوداکورت دوای ئەو زیانانەی لە ئەنجامی پێکدادانەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەر پێگەکانی کەوتن.
لەلای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەم ڕاپۆرتانەی بە "بێبنەما" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە پەکین هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لە هاندانی ئاشتی و کۆتاییهاتن بە ململانێکان.
سوپای پاکستانیش ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە خاکی پاکستان وەک ڕێڕەوێک بۆ گواستنەوەی چەکەکان بۆ ئێران بەکاردەهێنرێت.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە سیستمی شانگۆڕ بەهۆی جووڵە و توانای گواستنەوەی خێرایانەوە، گرنگییەکی زۆریان بۆ ئێران هەیە بۆ پاراستنی بنکە سەربازی و شوێنە هەستیارەکان لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ئامانجە نزمەکان.