ڕۆژی دووشەممە (١٠ی ئابی ٢٠٢٦)، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٤ پلە بە پێوەری رێختەر ناوچەی چۆکۆ لە ڕۆژئاوای کۆڵۆمبیای هەژاند، کە بەهێزترین بوومەلەرزە لەم سەدەیەدا لەو وڵاتە هەژمار دەکرێت و زیانی گەورەی گیانی و مادیی لێکەوتەوە.
تا ئێستا گیانلەدەستدانی نزیکەی ٢٠٠ کەس پشتڕاست کراوەتەوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون، لە کاتێکدا سەدان کەسی دیکە لەژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و چاوەڕێی تیمەکانی فریاگوزاری دەکەن. بەهۆی قورسیی ڕووداوەکەوە، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە سەرانسەری وڵاتدا حاڵەتی فریاگوزاریی نیشتمانی ڕاگەیاند و ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
پارێزگای چۆکۆ کە یەکێکە لە هەژارترین ناوچەکانی کۆڵۆمبیا، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. ڕێگاکانی هاتووچۆ پچڕاون و خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، پەیوەندی و ئینتەرنێت لە کار کەوتوون، ئەمەش پرۆسەی ڕزگارکردن و گەیاندنی هاوکارییەکانی سەخت کردووە و ناچار حکومت بە فڕۆکە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ناوچەکە دەگوازێتەوە.
هاوکات کاریگەریی بوومەلەرزەکە لە وڵاتانی دروسێی وەک ئێکوادۆر، ڤەنزوێلا و پەنەماش هەستی پێکراوە.
ئیڤان ئارماندۆ، ئەندازیاری ڤەنزوێلی کە تازە گەیشتووەتە ناوچەکە، دەڵێت: "بەڕاستی ترساین، زەویەکە دەلەرزیو ئەوەی جێی سەرنج بوو ماوەکەی زۆر درێژ بوو، چاوەڕێی شتی وا نەدەکردم."
هەروەها ئیدواردۆ ڤالێنسیا، هاووڵاتییەکی کۆڵۆمبی، باسی لە هەوڵەکانی رزگارکردن کرد و گوتی: "نۆ کەس لەو بینایەی پشتەوەمدا دەمانەوە، توانیمان هەشتیان ڕزگار بکەین، بەڵام یەکێکیان کەوتووەتە نێوان دوو دیوارەوە و تا ئێستا نەمانتوانیوە دەریبهێنین."