دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە بارەی پێدانی نەخۆشخانەی حکومیی بە کەرتی تایبەت، بە میدیاکانی ڕایگەیاند، "بابەتەکە دەمێکە هەیە و هاتنەوە ناوەوەی کەرتی تایبەت بۆ پڕۆسەکە بە یاسا ڕێکخراوە، هاوشێوەی پێدانی تەندەرەکان کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت بیکات و چەندین جار ئەوەی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش گوتوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرکات نوسراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی نهێنین و تەنات بە دەستی ئەویش ناگات کە بریکارە، ئاگاداریش نییە کە لە ژێر ناوی کۆنبوون یان بچوکیی نەخۆشخانەکان و دروستکردنی باڵەخانەی نوێ، نەخۆشخانە حکومییەکان دەدرێن بە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەکان. گوتیشی، "بۆ وردەکارییەکانیش، زۆرینەی ئەوانەی لە وەزارەتن، ئەگەر بڵێین ئاگەدارین خوا دەمانگرێت."
لە بارەی دامەزراندنی دەرچوانی بەشی پزیشکی زانکۆی ئەمریکی دهۆکیشەوە ئاماژەی بەوەدا، سەرباری ئەوەی کەمبوونەوەی کارمەند و پەرستار لە نەخۆشخانەکان و دانەمەزراندنی دەرچووان وایکردوە پەنا بۆ سیستیمی خۆبەخشی ببرێت، کە هەڵە و ناچارییە، کەچی بە نادادیی و بە نوسراوی نهێنی دەرچوی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دادەمەزرێت.