سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەولێر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەهێزیی ئەمریکییەکان نەبووە، بەڵکو تەنها زیانی بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی عێراق گەیاندووە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەرقیە نیوز"، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندی لە ئامانج و ئەنجامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان گرت و گوتی: "با گرووپە چەکدارەکان پێمان بڵێن ئەو ئامانجانەی ئەمریکا کامانەن کە لە هەولێر بۆردومانیان کردوون؟ بڕوام پێبکەن هیچ کاریگەرییەکیان بۆ سەر ئەمریکییەکان دروستنەکردووە، بەقەد ئەوەی کێشەی ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە و ژێرخانی ئابوورییان کردووەتە ئامانج کە دامەزراوەی ئابووریی عێراقن."
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرووپانە جگە لە بەرزکردنەوەی دروشمی گەورە و ڕەنگاوڕەنگ هیچ شتێکیان نەکردووە و نەیانتوانیوە ئەمریکییەکان ڕابگرن.
دەربارەی بەردەوامی چالاکیی گرووپەکانی "مقاومە"، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە: "بوونی گرووپەکانی مقاومە هیچ سودێکی نییە؛ مقاومەی کێ دەکەن و بۆچی؟ ئەمریکا خۆی بڕیاریداوە بکشێتەوە، کاتەکەی تەواوبووە و دەڕوات. ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی عێراق هات لە شەڕی داعش و کارەکەی تەواوبوو."
لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە چیتر هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ ئەوەی چەک لە دەستی ئەو گرووپانەدا بمیێنێتەوە و بە ئارەزووی خۆیان کێشە بۆ وڵات دروست بکەن.