ڕاستەوخۆ

سەرۆکی یەکێتی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوونەوە

reset font size increase font size

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆخی کەرکووک تاوتوێ کران.

ڕۆژی پینج شەمە، 4ی حوزەیرانی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.

 لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەرمان تۆپچو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە ڕایگەیاند، "پێویستە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هاوسەنگی و شەراکەتی ڕاستەقینەی تێدا پارێزراو بێت."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیش، سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی پارێزگای کەرکوک و هەوڵەکان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ستایشی هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کردووە لەپێناو نزیککردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی کەرکووک و گەیشتن بە ڕێککەوتن.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری تورکیا کردەوە، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.