سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە جارێکی دیکە هەوڵدەدرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بنەمای ستراتیژی ئەمریکا و ئاسایشی ئیسرائیل دیزاین بکرێتەوە.
دەوڵەتی باخچەلی لە کۆبوونەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی پارتەکەی لە تورکیا گوتی، ئەم ڕەوشە ناهەموارەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، کاریگەریی لەسەر تورکیا هەیە و مەترسی بۆ سەر وڵاتەکە دروست دەکات.
دەشڵێت، ڕەوشی ئێران قەیرانێک نییە، تەنیا لە چوارچێوەی سنووردا بمێنێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی سنوورەکان هەیە و دۆسییەی سەقامگیریی ناوچەکەیە.
باسی لەوەشکردووە، لاوازبوونی ئێران یان هەڵوەشانەوەی وڵاتەکە، تەنیا وەک پرسێکی ناوخۆیی نامێنێتەوە، بەڵکو توانای هەیە قۆناغ بە قۆناغ پشتێنەیەکی ناسەقامگیریی لە وڵاتانی ناوچەکەدا درووستبکات.