دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بە سەر کارمەندێکی پێشووی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای سەر بە دامەزراوەیەکی سەربازی دا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە (13) ی ئایاری (2026)، سزای لەسێدارەدانی ئیحسان ئەفراشتە، پسپۆڕی بواری دیجیتاڵی و ئەندازیاری سۆفتوێر لە تاران جێبەجێ کرا. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەزگای دادوەریی ئێران، ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای مۆساد و پێدانی زانیاریی ورد و هەستیار لە سەر کارمەندان و پلەبەندیی ڕێکخراوەیی ئەو دامەزراوە سەربازییەی تێیدا کاری کردووە.
لە بارەی وردەکاریی دەستگیرکردنەکە، میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاماژەیان بە ئەو کردووە، ناوبراو لە ساڵی (2024) و دوای گەڕانەوەی لە تورکیا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە، لە لایەن دادگای شۆڕشەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.