سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند و گوتی، ئەم پڕۆسەیە گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و کاتی ئەوە هاتووە دهست به قۆناغی یاسایی بكرێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ناوەندیی حزبهكهی، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)، جەختی لەوەکردەوە، ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چەسپاندنی ئاشتی لە تورکیا هاتووەتە پێش، دەرفەتێکی مێژووییە.
لە بارەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆسەی ئاشتیشەوە گوتی، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بڵێین 'بیسمیللا' و دەست بە قۆناغی یاسایی پڕۆسەکە بکەین.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە، ئەو قۆناغەی ئێستا پڕۆسەکە پێی گەیشتووە، بایەخێکی زۆری هەیە و پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت.
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت دەبینرێت کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەو نەخشە ڕێگەیەی پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پێشنیازی بۆ کردبوو.