ئێران ژێرخانەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکی لە ناوچەکەدا وەک ئامانجی ڕەوا ناساند بۆ ئەوەی هێرشیان بکاتە سەر.
به گوێرهی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیم، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت تاران ستارلینک بەوە تۆمەتبار دەکات خزمەت بە بەرژەوەندییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا دەکات.
بە گوێرهی زانیارییەکان، ئامانجەکان بریتین لە وێستگەکانی زەوی و ناوەندەکانی دابەشکردنی داتا کە لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئیمارات، بەحرەین و کوەیت جێگیرکراون.
دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشدارییانداوە، هەرجۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەم تۆڕەدا بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە هەژمار دەکرێت، هاوکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانی ستارلینک لە ناوخۆی وڵاتدا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی بەکاری دەهێنن.