ڕاستەوخۆ

ئێران زیندانییەکی دیکەی لە سێدارەدا

reset font size increase font size

ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدان بەسەر موجتەبا کیاندا جێبەجێ کراوە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی "چالاکیی هەواڵگری" بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کاتی شەڕی ئەم دواییەدا.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی دەزگای دادوەریی ئێران، موجتەبا کیان لە پارێزگای ئەلبورز دەستگیرکرابوو و هەر لەوێش دادگایی کرابوو.

تاران تۆمەتباری کردبوو بەوەی "مۆڵگە و پۆتانی (کۆۆردینات) تایبەت بە یەکەکانی بەرهەمهێنانی پارچەکانی پیشەسازیی بەرگریی ئێرانی بۆ تۆڕە دژبەرەکان ناردووە".

 میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکە، "دانپێدانانەکانی خۆی" بووە لە پێش و لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دەستگیرکردنییەوە تاوەکو جێبەجێکردنی حوکمەکە کەمتر لە 50 رۆژی خایاندووە.

لای خۆیەوە، مای ساتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەربڕی.

ناوبراو داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە لەسێدارەدانەکان ڕابگرن و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی تۆمەتی ئاسایشی نیشتمانی بۆ بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان و جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ، بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ڕابردوو، دەزگای دادوەریی ئێران زیاتر لە 30 زیندانیی بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەداوە.

بە گویرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش، ئێران لە دوای چین بە دووەم وڵات دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان بۆ ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.