ڕاپۆرت: ڕێژنه سه‌ردار
له دوای كوژرانی عه‌لی خامنه‌یی ڕێبه‌ری باڵاوه له 28ـی شوبات، یه‌كه‌مین پرسیار له باره‌ی موجته‌باوه بوو، ئه‌ویش كوژراوه یاخود نا؟
له نێوان دوكه‌ڵی جه‌نگ و گومانه‌كاندا، دوای چوار ڕۆژ له بۆردومانه‌كه، میدیاكانی ئێران ڕزگاربوونی موجته‌بایان له هێرشه‌كان ڕاگه‌یاند و گوتیان، سه‌رقاڵی كاروباره‌كانیه‌تی!
هه‌ر له دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، پرسی جێگرتنه‌وه‌ی خامنه‌یی له لایه‌ن موجته‌بای كوڕیه‌وه، كه‌وته‌وه ڕۆژه‌ڤ.

ته‌نها میدیای ئێران نا، به‌ڵكو میدیا ناوچه‌یی و جیهانییه‌كانیش سه‌رنجیان چووه سه‌ر پۆستێكی حه‌مید ڕه‌سایی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئێران، كاتێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێشگری ئایه‌توڵای بۆ ناوی موجته‌با به‌كارهێنا.
ته‌نانه‌ت هه‌ڵبژاردنی موجته‌با بووه بابه‌تی لێدوانی به‌رپرسانی ئیسرائیل و ئه‌مریكاش، ئیسرائیل ده‌یوت، هه‌ر كه‌سێك وه‌ك ڕێبه‌ری نوێ دیاری بكرێت، ده‌یكوژین، تره‌مپیش گوتی، موجته‌بام به دڵ نیه و قبوڵی ناكه‌ین، به‌ڵام ئێرانییه‌كان بڕیاره‌كه‌یاندا و موجته‌با بووه سێیه‌مین ڕێبه‌ری باڵای ئێران.
تاوه‌كو پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له ساڵی 2005، موجته‌مبا ناوێكی دیاری نێو كایه‌ی سیاسی و ڕاگه‌یاندنه‌كان نه‌بوو.
كاتێك له‌و ساڵه‌دا و له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران، موجته‌با تۆمه‌تباركرا به ده‌ستێوه‌ردان له هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌خشینی پاره بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له دژی مه‌هدی كه‌روبی ڕیفۆرمخواز، ئیدی له‌وێوه ناویشی هاته ناو گۆڕه‌پانی سیاسی و ڕاگه‌یاندنه‌كانیش.

هەرچەندە موجتەبا، هەرگیز پۆستێکی فەرمیی لە کایەی سیاسی و سەربازیی ئێران‌دا پێ نەسپێردراوە، بەڵام بە نهێنی سەرپەرشتیاری تەواوی کاروبارە سیاسی و سەربازییەکانی نوسینگەکەی باوکی بووە و بە دەسەڵاتدارترین کەسایەتی نهێنی ڕژێمی ئێران ناسراوە، مالپەڕی ویکلیکسی ئەمریکی لە بەڵگەنامەیەکدا بە "دەسەڵاتداری پشت پەردە" ناویبردووە.
پاش چەند ساڵێک و جارێکی دیکە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران له ساڵی 2009، دوو کاندیدی ڕیفۆرمخواز، بە ناوەکانی "میرحسێن موسەوی" و "مه‌هدی که‌روبی" بەهۆی ئەوەی داواکاری موجتەبایەن بۆ کشانەوە لە هەڵبژاردنەکان ڕتكرده‌وه، لە ماڵه‌كانی خۆیاندا دەستبەسەرکران.
دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکان و ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، بووە یەکەم نیشانەی باڵادەستیی و دەستێوەردان و کاریگەریی كوڕه ناوه‌نجییه‌كه‌ی خامنه‌یی لە کاروباری دەوڵەتدا، دەنگۆی بوونی بە جێنشینی باوکی هاتە ئاراوە.

هه‌موو شتێك له به‌رژه‌وه‌ندی موجته‌با ده‌ڕۆی، تاوه‌كو له پڕێكدا ڕۆژنامه‌ی تاران تایمز، كه به نزیك له ڕژێم دەناسرێت، له زاری یەکێک لە ئەندامانی مەجلیسی کارناسانی ئێرانه‌وه ئاشكرایكرد، عەلی خامنەیی دژی بیرۆکەی کاندیدبوونی موجتەبای کوڕیەتی بۆ بوونی بە ڕێبەری باڵا، به‌ڵام دوای ئه‌وه چی ڕویدا؟
لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، ڕکابەرە بەهێزەکانی موجتەبا بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا، یەک لەدوای یەک لە مەیدان دورخرانەوە.
ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی بەشێوەیەکی گوماناوی کۆچی دواییکرد، ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕوداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەره‌كه‌یدا گیانی لەدەستدا، حەسەن ڕوحانیش بەردەوام لەلایەن میدیاکانی دەسەڵاتەوە هێرشی دەکرایەسەر و هەوڵی شیواندنی وێنە ڕاسته‌قینه‌كه‌ی دەدرا.
ئێستا ئیتر موجته‌با ڕێبه‌ری باڵای ئێرانه و ئه‌ركێكی ئێجگار قورسی خستووه‌ته سه‌ر شانی خۆی.

جه‌نگ به‌رده‌وامه، مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه، پێویسته ڕای گشتی وڵاته‌كه‌ی ڕازی بكات كه به شایسته‌یی چووه‌ته شوێنی باوكی، له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ڕه‌شه و فشاره‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیلیش، كاره‌كه‌ی هێنده‌ی دیكه له‌م ڕێبه‌ره نوێیه سه‌ختتر كردووه.
ڕه‌نگه ڕۆژانی نزیكی داهاتوو زۆر شت له باره‌ی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ڕێبه‌ره نوێیه‌كه‌ی ئێران ڕوون ببێته‌وه.
ئاخۆ وڵاته‌كه‌ی له قۆناغی جه‌نگه سه‌خته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل ڕزگار ده‌كات و ده‌یگه‌یه‌نێته‌وه به دانوستان؟ یاخود ده‌بێته ئامانجی هێرشێكی ئاسمانیی و ڕقی ئێرانییه‌كان به‌رانبه‌ر ئیسرائیل و ئه‌مریكا ئه‌ستورتر ده‌كات.
