ساڵانە لە (12)ی مانگی ڕەبیعولئەوەلدا، موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان و هەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد - دروودی خوای لێبێت) بەرز ڕادەگرن. ئەم ڕۆژە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا کراوەتە پشووی فەرمی و تێیدا ئاهەنگ و ڕێوڕەسمی ئایینی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە ئەم یادە بەرز رادەگیریت و لە قەلای هەولێر، سەدان هەزار کەس کۆدەبنەوە و شیرینی دەبخشنەوە و سرودە ئاینییەکان بە دەف لێدانەوە و بە گەڕان بەناو بازارەکەدا دەڵێنەوە، هاو کات لە شاری سلێمانیش لە مزگەوتی گەورە، هەموو ساڵێک خواردن بۆ هەژاران و ئەو کەسانەی بەشداری یادەکە دەکەن ئامادە دەکرێت، وەک دەستەی بەڕێوەبەری مزگەوتەکە دەڵێت نزیکەی دوو تەن گۆشت لێدەنێن و جیا لەوەش شیرینیش دەبەخشنەوە.
بەبۆنەی ئەم یادەوە، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە پەیامی جیاوازدا پیرۆزباییان ئاڕاستەی موسڵمانان کرد:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ئەم یادەوە ڕایگەیاند: "هیوادارم ئەم یادە ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندی بەها باڵاکانی دادپەروەری، ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی، تا پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیرتر هەنگاو بنرێت". هاوکات بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا جەختی لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی ڕێنماییە ئایینی و مرۆییەکان کردەوە و هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەرێک بۆ زیندووکردنەوەی بەها بەرزەکان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی.
لە لایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی زیاتری کلتوری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و دروستبوونی بەهێزترینی برایەتی لە نێوان گەلانی جیهاندا.
" بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنەیە کە بەشێکە لە کولتوور و تایبەتمەندیی دیاری گەلەکەمان هاندەرمانە بۆ قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی، ڕێزگرتنی یەکتر و بەهێزترکردنی پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا" قوباد تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لەسەر یادی مەولود نووسیویەتی.