ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بە ئامانج گرتووە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکەی سوپای پاسداران، هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ درۆنێکیان بۆ لێدانی خاڵێک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس لە باشووری ئێران بەکار هێناوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، وەڵامەکەیان ڕاستەوخۆ ئەو بنکە ئاسمانییەی ئەمریکای کردووەتە ئامانج، کە هێرشە درۆنییەکەی لێوە کراوە.
سوپای پاسداران شوێنی بنکە ئەمریکییەکە و قەبارەی زیانەکانی لە ئەنجامی هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشەدا، میدیاکانی جیهان ڕایانگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی کوێت بەرپەرچی چەند هێرشێکی موشەکی و درۆنیی داوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو شوێنەی، کە ئێران هێڕشی کردووەتە سەری.