دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە بیست ساڵ، بۆ یەکەمجار بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا کۆبوونەوەی باڵای سەرکردەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەبچێت، کە تێیدا دۆسیە گرنگەکانی بەرگری و بودجەی سەربازی تاوتوێ دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، لەم کۆبوونەوە چارەنووسسازەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی و شاندێکی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەشداری دەکەن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەوەرەی سەرەکیی لوتکەی ئەنقەرە، تەرخانکراو دەبێت بۆ پرسی زیادکردنی بودجەی بەرگریی وڵاتانی ئەندام، پەرەپێدانی توانای سەربازیی هاوبەش و تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئەمنییەکانی جیهان.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەمریکا دەیەوێت فشارەکانی بۆ سەر هەر 32 وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ توندتر بکاتەوە تاوەکو بودجەی بەرگرییان بگەیەننە 5٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان (GDP)
ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە بەهۆی فشار و ڕەخنە بەردەوامەکانی پێشووتری دۆناڵد ترەمپەوە، بەشێک لە وڵاتانی ئەندام بودجەکەیان نزیک کردووەتەوە لە2٪، لە کاتێکدا حەوت وڵاتی دیکەی نێو هاوپەیمانێتییەکە بودجەی سەربازیی خۆیان گەیاندووەتە سەرووی 3٪.