گەشتە دیپلۆماسییەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری سوریا بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی بەردەوامە و لە نوێترین وێستگەشیاندا گەیشتوونەتە بەلجیکا.
ئەم گەشتە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە مەزڵووم عەبدی لە 16ی حوزەیراندا لە شاری هەولێر، لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق کۆبووەوە.
پاشان شاندی ڕۆژاوای کوردستان ڕوویان لە ئەورووپا کرد و سەرەتا سەردانی ئیتالیایان کرد و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
دواتر لە 18ی حوزەیراندا، عەبدی و ئەحمەد گەیشتنە فڕەنسا و لەگەڵ ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای پاریس کۆبوونەوە؛ پاش تەواوبوونی دیدارەکانیان لە فڕەنسا، شاندەکە ڕووی لە هۆڵەندا کرد و لەوێش چەندین کۆبوونەوەی دیپلۆماسییان ئەنجامدا.
بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، شاندی باڵای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئێستا لە بەلجیکان و بڕیارە سبەی بە سەردانێکی فەرمی بگەنە ئەڵمانیا، کە ئەوەش دەبێتە دوایین وێستگەی گەشتە دیپلۆماسییەکەیان بۆ ئەوروپا.
سەرڕای چڕی کۆبوونەوەکان لە ئیتالیا، فڕەنسا، هۆڵەندا و بەلجیکا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کام لە لایەنەکان ناوەڕۆکی فەرمیی گفتوگۆکانیان بۆ ڕای گشتی بڵاونەکردووەتەوە.