بارەگای ناوەندیی خاتەموئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە بڕیارێکی کتوپڕدا داخستنی گەروی هورمز و ڕاگرتنی تەواوی هاتووچۆی دەریایی لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەدا ڕاگەیاند؛ لە بەرامبەریشدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر داخستنی گەروەکە لە بەردەستدا نییە.
ڕۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، بارەگای خاتەموئەنبیا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ "شکاندنی ئاشکرای بەڵێنی ئەمریکا و جێبەجێنەکردنی بڕگەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ" گەڕاندەوە.
هەربە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگاکە، ئەم هەنگاوە وەک کاردانەوەیەکیشە بەرامبەر بە "پێشێلکردنی بەردەوام و بێپچڕانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، کۆمەڵکوژیی دڕندانە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی مەزڵوومی ئەو خاکە، و نەکشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە باشووری لوبنان."
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە تەنیا دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە،18ی ئەم مانگەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ڕاگەیاند، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فەڕەنسا و مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە جیا (پاش واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی پێشوەختە) واژۆیان لەسەر کردبوو.
ئەو ڕێککەوتنە مۆڵەتێکی 60 ڕۆژی بۆ دانوستاندنی کۆتایی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دیاری کردبوو.
بڕیار وابوو دوێنێ هەینی، 19ی حوزەیرانی 2026، شاندی دانوستاندنکاری هەردوو وڵات لە سویسرا کۆببنەوە بۆ فەرمیکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا، ئەمەش ئاسۆکانی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.