سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەیان بنکە و ژێرخانی جیاوازی لە سەرانسەری ئێران کردووەتە ئامانج و بەهۆی بۆردومانەکانەوە چەندین ڕێگەی سەرەکی و هێڵی شەمەندەفەر پەکیان کەوتووە.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشیان دژی دەیان "ژێرخانی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران" لە سەرانسەری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئێران، هێرشەکان "تاران، کەرەج و ئەهواز"ی گرتووەتەوە و زیانی زۆریان بە ڕێگەوبانەکان گەیاندووە.
لە هێرشێکیاندا بۆ سەر هێڵی شەمەندەفەری شاری کاشان، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها پردی" B1 " لە کەرەج، کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە کرابووە ئامانج، بۆ جاری دووەم لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان كراوهتهوه.
میدیای ناوخۆیی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی هێرش بۆ سەر پردێکی پەیوەندی لە رێگەی سەرەکیی تەورێز- زەنجان، ئەو ڕێگەیە بە تەواوی داخراوە. هەروەها جادەی کۆنی میانە بۆ تەورێزیش کراوەتە ئامانج و هاتوچۆ تێیدا پەکیکەوتووە.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن، ئیسرائیل پێشتر هۆشدارییەکی بەپەلەی دابوو بە دانیشتووانی ئێران کە تا کاتژمێر 9:00ـی شەوی سێشەممە، لە دامەزراوەکانی شەمەندەفەر و هێڵەکانی ئاسن دوور بکەونەوە.
تا ئێستا وردەکاریی تەواوی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە و سوپای ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانی دەکاتەوە.