ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی دۆسیەی ناسراو بە "دزیی سەدە"، ڕایگەیاند، نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە، 365 ملیار دیناری لە کۆی 1.6 تریلیۆن دیناری دزراو گەڕاندووەتەوە و پاشان چووەتە دەرەوەی وڵات، بەو هۆیەشەوە لە ڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ)ـەوە هەوڵی هێنانەوەی دەدرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی دادوەری لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو ڕێککەوتبوون، کە نوور زوهێر ئازاد بکرێت بەو مەرجەی تەواوی ئەو 1.6 تریلیۆن دینارە بگەڕێنێتەوە، کە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی (قانت) و (موبدیعون) لە هەژماری سپاردەی دارایی بانکی ڕافیدەین ڕاکێشرابوو. بەڵام دوای گەڕاندنەوەی بەشێکی کەم لە پارەکە و چوونی بۆ دەرەوەی عێراق، پڕۆسەی وەرگرتنەوەی پارەکان وەستا، بەو هۆیەشەوە دۆسیەکەی گوازرایەوە بۆ دادگای تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بە نائامادەبوون سزای 10 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە 21ی کانوونی دووەمی 2025 هەموارى یاسای لێبووردنی گشتیی پەسەند کرد، کە ڕێگە دەدات بە ئازادکردنی سزادراوانی گەندەڵی لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی پارەکاندا، نوور زوهێر داوای کردووە یاساکە بیگرێتەوە بۆ ئەوەی تەواوی پارەکەی پێشوو ڕادەست بکات. دادگا لەمبارەیەوە داوای بۆچوونی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە وەک لایەنی زیانلێکەوتوو، بەڵام بەهۆی وەڵام نەدانەوەی وەزارەتەکە، دۆسیەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە تا ئەو کاتەی هەردوولا لەسەر چۆنیەتیی ڕادەستکردنی پارەکان ڕێکدەکەون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشکرای کردووە، لەسەر ئەم دۆسیە، کە تێیدا زیاتر لە 3.8 تریلیۆن دینار لە نێوان ئابی 2021 و ئەیلوولی 2022 لە ڕێگەی پێنج کۆمپانیاوە براوە، سزای بەندکردن بۆ 12 فەرمانبەر دەرکراوە. هاوکات بەڕێوەبەری نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە و چەند ڕاوێژکارێکی بە نائامادەبوون سزادراون.
هەرچی تایبەتە بە خودی مستەفا کازمی، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسیەکەی داخراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق و کوێت دەست بەسەر موڵک و ماڵی بەشێک لە بەشداربوواندا گیراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، کە لە 30ی ئایاردا دەستگیرکرا، هەمان ڕێکاری دۆسیەی دزیی سەدەی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر. دادگا جەختی کردووەتەوە کە یاسای لێبووردنی گشتی تەنیا ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە پێش جێبەجێکردنی یاساکە روویانداوە، بۆیە ئێستا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق خەریکی تاوتوێکردنی دانانی نەخشەڕێگەیەکی یاسایی و دەستوورین، بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر سووککردنی ڕێکارە یاساییەکان بۆ ئەو کەسانەی خۆویستانە پارەکان دەگەڕێننەوە.