بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "CEO World"ـی ئەمریکی، عێراق لە پلەی 27ـەمی جیهاندایە لە نێوان ئەو 40 وڵاتەی کە ناویان لە لیستی بەرزترین ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی چەکی دەمانچە هاتووە.
گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکە بچووکەکان ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی 250 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا، واتە بە تێکڕای زیاتر لە 700 حاڵەت لە رۆژێکدا، هەروەها جەختی کردووەتەوە، کاریگەریی چەک تەنیا لەسەر ئاسایشی گشتی نییە، بەڵکو بووەتە هۆکارێکی کاریگەر لەسەر ژیانی ئابووریی و سیاسییش.
عێراق لە پلەی 27مدایە لە کۆی ئەو 40 وڵاتەی لە خشتەکەدا هاتوون، بە جۆرێک تێکڕای ساڵانەی گیانلەدەستدان بەهۆی توندوتیژیی چەکدارییەوە لە وڵاتەکە گەیشتووەتە 10.6 حاڵەت بۆ هەر 100 هەزار کەسێک.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەفغانستان لە سەرووی لیستەکەدایە بە تێکڕای 56.8 گیانلەدەستدان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، لە دوای ئەویش جامایکا بە 55.4، پاشان دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکی بە 49.0 و هیندۆراس بە 32.7 حاڵەت دێن.
لە بەرانبەردا، ئەمریکا لە پلەی 40مدایە بە تێکڕای ساڵانەی 6.7 حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک.