ڕاستەوخۆ

کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی: بەیاساییکردنی پێگەی ئۆجەلان کلیل و بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتییە

reset font size increase font size

فەردی سیدار، هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی، لە هەڵسەنگاندنێکدا ڕایگەیاند، پێگەی یاساییی عەبدوڵا ئۆجالان، بابەتێکی کەسی نییە، بەڵکو پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە هەیە. گوتی: "بەرپرسیارێتی خستنەسەر شان و هێشتنەوەی بکەرێکی سەرەکی لە پێگەیەکی نایاساییدا، ناكرێت بەردەوام بێت".

هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، کە بە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان لە 27ی شوباتی 2025 دەستی پێکرد، بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان و نەگرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی لەلایەن دەوڵەتەوە تووشی چەقبەستوویی بووە، بەتایبەت جێبەجێنەکردنی ئەو نەخشەڕێگەیەی لە دیدارەکەی 27ی ئاداردا خرابووە ڕوو.

فەردی سیدار، هاوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی، گرنگترین خاڵەکانی بۆ سەرکەوتنی پڕۆسە ئاشتی بەم شێوەیە کورت کردەوە:

کێشەی سەرەکیی پڕۆسەکانی ڕابردوو ئەوە بووە، کە ڕۆڵی فەرمیی لایەنەکان نەکراوەتە یاسا. بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستە پێگەی ئۆجالان وەک (هەماهەنگار کار یان سەرۆکی پڕۆسە) بە فەرمی بناسرێت و گفتوگۆکان چوارچێوەیەکی دەستوورییان هەبێت، تاوەکو نەکەونە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی ڕۆژانە.

پێویستە مەرج و ژینگەیەکی گونجاو بۆ کارکردن، کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و دابینکردنی چاوپێکەوتنی ڕێکخراو بۆ ئۆجالان بڕەخسێنرێت، کە ئەمەش مافێکی بنەڕەتییە بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانێکی تەندرووست.

پۆلێنکردنی ئۆجالان وەک (سەرۆکی دانوستانکار) لەلایەن بزووتنەوەی کوردییەوە، لە ڕاستییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. پڕۆسەی بێناو و بێیاسا هەمیشە وڵات ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی دەکاتەوە.

پرسی مافی هیوا بۆ ئۆجالان هاتووەتە پێشەوە، کە سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، هێشتا تورکیا هیچ ڕێکارێکی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی نەگرتووەتەبەر.

فەردی سیدار ڕەخنەی لە بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گرت، کە تەنیا جەخت لەسەر چەکدانان و تەسلیمبوون دەکاتەوە و گوتی: "کێشەی کورد تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، کە کورت بکرێتەوە بۆ چەکدانانی ڕێکخراوێک. ناکرێت باس لە چەکدانان بکرێت بەبێ ئەوەی دەوڵەت چاکسازیی دیموکراتیک ئەنجام بدات و پرسی زمانی دایک، ئازادیی ڕادەربڕین، نوێنەرایەتیی سیاسی، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەیوم و پرسی زیندانیانی سیاسی وەک دەمیرتاش و یوکسەکداغ چارەسەر بکات".

اوسەرۆکی لقی ئەنقەرەی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی جەختی کردەوە، پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەسەر شانە بۆ گۆڕینی ئەم گفتوگۆیانە بۆ یاسا و چاکسازیی دیموکراتی، چونکە ئاشتیی ڕاستەقینە تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکان بەدی نایەت، بەڵکو بە دەستەبەر کردنی مافەکان بەگوێرەی یاسا دەبێت.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.