وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ههڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر وڵاتی کوەیت ڕاگەیاند و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کوەیت دەکەن و جەخت دەکەنەوە، کە پێویستە گرژییەکان لە ڕێگەی دانوستان و هەوڵی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکانی سەر کوەیت، ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە پێناو پاراستنی ئارامیی ناوچەکەدا ڕاشیگەیاند: "پێویستە سەرجەم لایەنەکان دان بە خۆیاندا بگرن و دوور بکەونەوە لە گرژیی، کێشەکان تەنیا لە ڕێی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن".
وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردەوە، پاڵپشتیی هەموو هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە کاردانەوە توندوتیژەکان و گوتی: "عێراق بە پێویستی دەزانێت کار بکرێت بۆ چارەسەریی ئاشتیانە لە پێناو پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی و ئاسایشی گەلانی ناوچەکە".