پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، وردەکاریی نوێی لەبارەی پڕۆژەیاسای چوارچێوەی چارەسەری و داهاتووی کۆبوونەوەکانی ئیمڕاڵی ئاشکرا کرد.
پەروین بوڵدان لەبارەی چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئیمڕاڵییەوە ڕایگەیاند، کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت دەکرێت، کە لە حەوت تا هەشت ماددە پێکدێت، گوتیشی: "یاسای چوارچێوەکە لە حەوت تا هەشت ماددە پێکدێت و ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکەش پێشکەش بە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت".
پەروین بوڵدان ڕاشیگەیاند: "ئامانجمان ئەوەیە پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت"، گوتیشی: "پێویستە ئەم پڕۆسەیە بە خێرایی بەڕێوە بچێت و ڕێگە نەدرێت بە تێپەڕبوونی کات پڕۆسەکە سارد ببێتەوە یان درێژەی پێ بدرێت".
ئەم پەرلەمانتارەی دەمپارتی جەختی لەوەش کردەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا کار بۆ چاکسازیی فرەوانتر دەکرێت و گوتی: "لە پاڵ ئەم یاسایەدا، چەندین پاکێجی چاکسازیی دیموکراتیانە پێشکەش دەکرێن و دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە".