ڕاستەوخۆ

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هەڕەشەی سزادانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات

reset font size increase font size

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە توندی جەختی لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی ناوبراو کردەوە و ڕایگەیاند، سزادانی ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی ئەم تاوانە، داواکارییەکی لەبیرنەکراوە.

ئەمڕۆ هەینی، 10ی تەممووزی 2026، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، بەبۆنەی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی پەیامێکی فەرمی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا، وەحیدی سوپاسی گەلانی ئێران و عێراقی کرد بۆ بەشداریکردنی بەرفراوانیان لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکەدا و جەختی کردەوە: "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی عەلی خامنەیی، سزادانی ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی، وەک داواکارییەکی ڕەوا دەمێنێتەوە."

فەرماندەی سوپای پاسداران هۆشداریی دا، ئەم دۆسیەیە تاوەکو هێنانەدیی تەواوی دادپەروەری و پێدانی وەڵامی شیاو بە تاوانباران، لە بیرەوەریی مێژوویی بەرەی بەرگریدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 و لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی جەنگدا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژرا، ئەمەش وەک گەورەترین وەرچەرخانی سەربازی و سیاسی لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەییی بەرفراوانیان بۆ ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەیی ڕێکخستبوو. پڕۆسەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 3ی تەممووزەوە بە گواستنەوەی تەرمەکە بۆ مزگەوتی گەورەی تاران (موسەڵلا) و بەشداریی شاندە بیانییەکان دەستی پێکرد.

دواتر لە ڕۆژانی شەممە تاوەکو دووشەممە لە تاران، ڕۆژی سێشەممە لە شاری قوم و ڕۆژی چوارشەممەش تەرمەکە گوێزرایەوە بۆ عێراق و لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا ڕێوڕەسمی ئایینی و جەماوەریی بۆ ڕێکخرا. ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی تەممووز، تەرمەکە بە فڕۆکە لە نەجەفەوە گەڕێندرایەوە بۆ شاری مەشهەد و سەرەنجام بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا بە خاک سپێردرا.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.