دوای ئەوەی یاسای ژمارە 7595ی تایبەت بە یاسای چوارچێوە بە 467 دەنگی بەڵێ لە پەرلەمانی تورکیا تێپەڕێنرا و لە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتەکە بڵاوکرایەوە، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خۆی ئەنجام دا.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی داد (ئاکین گورلەک)، دەرەوە (هاکان فیدان)، ناوخۆ (موستەفا چیفتچی)، بەرگری (یاشار گولەر)، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (ئیبراهیم کالن) و بەرپرسانی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکایەتیی کۆمار بەشدار بوون.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، چوار کۆمیته بۆ بەڕێوەبردنی بەشی جیاوازی پرۆسەکە پێکهێنراون:
- کۆمیتەی هەماهەنگیی دادوەری و یاسایی: بۆ پێداچوونەوە و ئامادەکردنی بنەما یاساییەکان.
- کۆمیتەی بەدواداچوون و دەستنیشانکردن: بۆ چاودێریکردنی ئاستی جێبەجێکردنی بڕیارەکان.
- کۆمیتەی گونجاندنی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان: بۆ ئاسانکاری و ڕێکخستنی پرۆسەی کۆمەڵایەتی.
- کۆمیتەی چەکداماڵین و هەماهەنگیی ستراتیژی: بۆ سەرپەرشتیکردنی بوارە سەربازی و ئەمنییەکان.