شاندێکی باڵای جەهەپە سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی کرد لە پەرلەمانی تورکیا و هەردوولا پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پڕۆسەی ئاشتییان تاوتوێ کرد.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی سەر ئۆپۆزسیۆن، شاندێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتی گۆکهان گونایدن و بەشداریی جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە، سەردانی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ـیان کرد و لەلایەن سەزای تەمەلی و پەرلەمانتارانی ئەو پارتەوە پێشوازییان لێکرا.
سەزای تەمەلی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە و جەختیان لە پرسی ئازادکردنی جان ئەتالای و گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان کردووەتەوە. سەزای تەمەلی گوتی: "داوا لە هەموو پارتەکان دەکەین لە ژێر چەتری پەرلەماندا پێشنیازە یاسایەکی هاوبەش بۆ پڕۆسەی ئاشتی پێشکەش بکەن و پێویستە بنەمای گفتوگۆکان لە ناو پەرلەماندا بەهێزتر بکرێت".
گۆکهان گونایدن، سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، لای خۆیەوە ڕایگەیاند: "تەوەرەی سەرەکی ئێمە هەڵبژاردنە، چونکە کۆمەڵگە داوای دەکات. بە گوێرەی ماددەی 78ی دەستوور، هەلومەرجی وڵات پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە و ئێمە سەردانی هەموو ئەو پارتانە دەکەین، کە فراکسیۆنیان لە پەرلەماندا هەیە".
سەزای تەمەلی جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە نومان کورتولموش، وەک سەرۆکی پەرلەمان دەسپێشخەریی زیاتر بکات بۆ کاراکردنەوەی لیژنەکان و گوتیشی: "ئێمە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە لە ناو پارتەکەماندا تاوتوێ دەکەین و دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە".