ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی دۆسیەی دادگاییکردنی هێرشکردنە سەر گەشتی جیهانیی سۆمود لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕێکارەکانی دەرکردنی فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتی بۆ 35 تۆمەتبار دەستپێکراوە, کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەروویانەوەیە.
وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوی کردەوە, دادگای 11ی سزادانی قورسی ئیستەنبوڵ لە 14ی تەممووزی 2026 فەرمانی گرتنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ و ئافێک مۆسکۆڤیچ بە تۆمەتی "ئەنجامدانی جێنۆساید" دەرکردووە.
بە گوێرەی بڕیارەکە، وەزارەتی داد لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆوە داوای لە ئینتەرپۆڵ کردووە بۆ دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن و تەواوی بەڵگەنامە پێویستەکانیشی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کردووە.
وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە، تۆمەتباران لە چوارچێوەی هەڵکوتانە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، دادگایی دەکرێن بە تۆمەتەکانی جێنۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بێبەشکردنی کەسەکان لە ئازادی، ئەشکەنجەدان، زیادەڕۆیی و بریندارکردنی ئەنقەست، تاڵانکردنی ئامرازەکانی گواستنەوە و زیانگەیاندن بە موڵکوماڵ.
ئاکن گورلەک جەختی کردەوە، ئێران و تورکیا بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن ڕژێمی نەتانیاهۆ خۆی لە سەرووی یاساوە ببینێت یان بە بەرگی پارێزبەندییەوە لە سزا دەربچێت.
وەزیری داد ڕایگەیاند، بە ڕێنمایی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە بەکارهێنانی تەواوی تواناکانی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن تاوەکو بەرپەرسیارانی تاوانەکانی غەزە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.