عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە شاری قاهیرە لەگەڵ جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، کۆبووەوە بۆ گفتوگۆی فراوان لەسەر ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی حەسەن ڕەشاد، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر بەڕێوە چوو، تەوەرەکانی جەنگی ئێران، ئاگربەستی غەزە، هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی بەوردی تاوتوێ کران.
سەرۆکی میسر جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوەتیی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کردەوە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاز کرابوو. هەروەها داوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیی گشتگیری بۆ جەنگی ئێران کرد و ڕایگەیاند، قاهیرە بە بڕیارەوە دژی هەر هێرشێکی سەربازییە بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی.
لە بەرامبەردا، جۆن ڕاتکلیف ستایشی ڕۆڵی میسری کرد لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە، بەتایبەت، کە قاهیرە وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی واشنتن و هێزێکی سەقامگیرکەر، هێڵەکانی پەیوەندیی لەگەڵ لایەنەکانی وەک ئیسرائیل، حەماس و ئێران بە کراوەیی هێشتووەتەوە.