لەگەڵ هەڵکشانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداریی پلە بەرز (ئاستی 4)یان ئاڕاستەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەیان کرد.
لە هۆشداری باڵوێزخانەکانی ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە کراوە بەپەلە و لە ڕێگەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانەوە خاکی عێراق و ئێران بەجێبهێڵن، هاوکات هۆشداریی توند لەبارەی مەترسیی ئۆپراسیۆنی سەربازی و ئەگەر هێرش دراوەتە هاوڵاتییانی ئەمریکی لە 11 وڵاتی ناوچەکە کە بریتین لە: عێراق، ئیسرائیل (بە ناوچەکانی فەلەستینیشەوە)، لوبنان، ئوردن، بەحرێن، کوێت، قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عەرەبستانی سعوودی، عومان و میسر.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە، بەهۆی تێکچوونی خێرای دۆخی ئەمنی، ئەگەری داخستنی کاتیی ئاسمانی ناوچەکە و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان هەیە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانیان دەکەن ڕێکاری ئەمنی توند بگرنە بەر و ڕاستەوخۆ لە ناوچە ئاڵۆزەکان دوور بکەونەوە.