سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان لە سنووری مەهاباد دەستپێدەکات و بەهۆیەوە پێکدادانی توند لەگەڵ هێزە چەکدارەکاندا ڕوودەدات؛ بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانییەکان، شەڕەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ناوچەکە بە تەواوی بڕدراون.
شایەتحاڵان دەڵێن، پێکدادانەکان لە کاتژمێر 04:00ـی بەیانیی دوێنێوە لە نێوان شارستانی مەهاباد و پیرانشار (نزیک گوندی گاگەش) دەستیان پێکردووە و بۆ ماوەی 10 کاتژمێر بەردەوام بوون.
دوابەدوای شەڕەکە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنیان توندتر کردووەتەوە و تەواوی ڕێگاکانی هاتوچۆی ئەو سنوورەیان داخستووە.
هاوکات یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای پاسدارانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: "پێکدادانەکان لە گوندی گاگەش و دەوروبەری بەردەوامن؛
هێشتا زانیاریی تەواو و ورد لەسەر زیانەکان و دەرەنجامی شەڕەکە لەبەردەستدا نییە و لە داهاتوودا وردەکاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە."
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان، تەنیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەسەر ڕێگەی بانە - سەقز پێکدادانێکی هاوشێوە ڕوویدا کە بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، بووە هۆی کوژرانی 2 چەکداری سەر بە هێزە حکومییەکان و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.