لە درێژەی گۆڕانکارییە ئیداری و ئەمنییەکان لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا، دوو پۆستی هەستیار و باڵای ئەمنی لە شاری کۆبانێ درانە دوو ژنی کورد.
فەیروز خەلیل وەک بەڕێوەبەری پۆلیس (ئاسایشی ناوخۆ) لە کۆبانێ دیاری کراوە، و دیجلە بۆزانیش وەکو سەرۆکی بەشی ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاغچییەتی بە مرۆڤ دەستبەکار بووە.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا دێن کە لە هەردوو شارۆچکەی کۆبانێ و حەسەکە، چەندین پۆستی ئیداری و ئەمنیی دیکە لەلایەن ئەو ژنانەوە وەرگیراون کە لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕۆڵی پێشەنگایەتییان هەبووە.
هەرچەندە هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەشێک لە مەرج و بڕگەکانی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی دیمەشق وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون.