کانسو ئۆزدەمیر، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لە فراکسیۆنی پارتی چەپ، ئەرکی "پارێزەریی سیاسیی پەرلەمان"ی بۆ زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کوردی گرتەئەستۆ.
کانسو ئۆزدەمیر لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هەوڵدەدەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرنج بخەمە سەر دۆخی زەینەب جەلالیان و نابێت بەندکراوە سیاسییەکان فەرامۆش بکرێن.
زەینەب جەلالیان ساڵی 2008 لەلایەن حکومەتی ئێران دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ساڵی 2011 سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
هەروەها، بە گوێرەی یاسای پارێزەریی سیاسیی پەرلەمان لە ئەڵمانیا، ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەتوانن پشتگیریی سیاسیی، لە ئەندام پەرلەمان، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی وڵاتانی دیکەی جیهان بکەن کە لەژێر فشار یان ڕاوەدوونان و چەوسانەوەدان.