ئاندی بێرنهام، ناسراو بە "پاشای باکوور"، بە فەرمی وەک ڕێبەری نوێی پارتی کرێکارانی بەریتانیا (Labour) هەڵبژێردرا؛
ئەمەش دوایین هەنگاوە پێش ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بە فەرمی وەک حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەستبەکاربێت.
بێرنهام-ی تەمەن 56 ساڵ، کە پێشتر سەرۆکی شارەوانی مانچستەری مەزن بووە، لە کۆنفرانسی تایبەتی پارتەکەیدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و بەڵێنی دا هاوسەنگیی هێز لە بەریتانیادا ڕێکبخاتەوە و دەسەڵاتەکان لە وێستمینستەرەوە بۆ هەرێمەکان بگوازێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکاران لەژێر فشاری توندی حیزبە پۆپۆلیستەکانی وەک "پارتی ریفۆرمی بەریتانیا" (Reform UK) دایە، کە نایجل فاراژ ڕێبەرایەتی دەکات.
بێرنهام ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی کرێکاران ناتوانێت بە لاساییکردنەوەی حیزبەکانی دیکە سەرکەوتوو بێت، بەڵکو دەبێت بە شێوازێکی ڕەسەن نوێنەرایەتی گەلی بەریتانیا بکات.
ناوبراو بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بە فەرمی شوێنی کیر ستارمەر بگرێتەوە و کابینەی نوێی حکومەتەکەی ڕابگەیەنێت، لە کاتێکدا نایجل فاراژ، ڕێبەری ڕیفۆرم، گوتارەکەی بێرنهام-ی بە "بێ ناوەرۆک" وەسف کردووە و دەڵێت بەبێ هیچ مەنداتێکی جەماوەری دەبێتە سەرۆکوەزیران.