ڕاستەوخۆ

ڕاپرسییەک؛ زۆرینەی بەشداربووان داوای خوێندن بە زمانی دایک و گۆڕانکاریی یاسایی لە تورکیا دەکەن

reset font size increase font size

ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی (SAMER) نوێترین راپرسیی خۆی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردن لە تورکیا بڵاوکردەوە؛ بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، زۆرینەی هەرە زۆری بەشداربووان داوای هاوێشتنی هەنگاوی یاسایی بەپەلە دەکەن، بە جۆرێک %86.2ی بەشداربووان داوای دابینکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەن.

راپرسییەکە لە نێوان 14 بۆ 21ی حوزەیرانی 2026 لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە و 908 کەس لە 18 پارێزگای جیاوازی باکووری کوردستان و تورکیا (لەوانەش ئامەد، ئەستەنبوڵ، وان، ئەنقەرە، مێردین و شرناخ) تێیدا بەشداربوون، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر داواکارییەکانی شەقام بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە.

داواکارییە یاساییەکان لە پێشینەن

کاتێک پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە "بۆ پێشوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی پێویستە چاکسازیی بەپەلە لە چ بوارێکدا بکرێت؟"، رێژەی ئەو کەسانەی وەڵامی "بێگومان هاوڕام"یان بۆ بژاردە یاسایی و سیاسییەکان داوەتەوە بەم شێوەیە بووە:

مافی خوێندن بە زمانی دایک:  %86.2

هەڵگرتن یان کۆتاییهێنان بە سیستەمی قەیوم:  %85.6

یاسای ئازادیی رادەربڕین و رێکخراوەیی:  %84.8

گۆڕانکاری لە یاسای سزادانی تورکیا %81.4 :

دەرکردنی یاسا بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە چیاکانەوە:  %79.0

دانپێدانان بە پێگەی دانوستاندکاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان:  %73.1

لەلایەکی دیکەوە، یاسای ناسراو بە "یاسای پەشیمانی" رووبەڕووی ناڕەزایەتی بووەتەوە و %44.2ی بەشداربووان بە توندی دژی بوونەتەوە.

کێشەی متمانە بە حکومەت و ئاستی گەشبینی

سەبارەت بە ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بە جدیەتی حکومەت لە ئەنجامدانی چاکسازییە یاساییەکاندا، دەرکەوتووە کە کێشەیەکی قووڵی متمانە هەیە؛

%41.3ی بەشداربووان گوتوویانە "متمانەم نییە" و %33.1یش گوتوویانە "هیچ متمانەم نییە". بەشداربووان "کەمیی ئیرادەی سیاسی لەناو حکومەتدا" بە رێژەی %28.7 وەک گەورەترین کۆسپی بەردەم پڕۆسەکە دەبینن.

سەرباری بوونی ئەم گومانانە، هێشتا ئومێدێکی بەهێز لەلای هاووڵاتیان هەیە؛ لە وەڵامی پرسیاری "ئایا پێتوایە پڕۆسەکە بە ئەرێنی کۆتایی دێت؟"، %52.9ی بەشداربووان وەڵامیان داوەتەوە "بەڵێ"، لە بەرامبەردا %47.1 گوتوویانە "نەخێر".

ناوەندی (SAMER) لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجامەکان دەریدەخەن کە داواکارییەکی شەقام و کۆمەڵگە بۆ ئاشتی و دیموکراسی زۆر بەهێزە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پشتگیرییە ببێتە متمانەیەکی بەردەوام، پێویستە حکومەتی تورکیا هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت و چاکسازییە دیموکراتییەکان جێبەجێ بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.