لە پەرلەمانی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو؛ تێیدا نوێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و چالاکوانانی سیاسی، بارودۆخی سیاسیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان تاووتوێ کرد.
رۆژی دووشەممە، 22ی حوزەیرانی 2026، لە هۆڵی پەرلەمانی بەریتانیا، کۆبوونەوەکە سازکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران تێڕوانینی خۆیان لەسەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە، گرژی و ئاڵۆزییەکان و کاریگەرییان لەسەر پرسی کورد پێشکەش کرد.
نوێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە جەختیان لە گرنگیی ئەم قۆناغە کردەوە و رایانگەیاند کە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دروستکردنی دەنگێکی سیاسیی یەکگرتوو و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە کوردییەکاندا.
بەشداربووان و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، ئەم قەوارە سیاسییە نوێیە چوارچێوەیەکی کاریگەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لەنێوان هێزە دیموکراتخوازەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناو ئێران.
هاوکات جەختیان لە پێویستیی یەکڕیزیی زیاتر کردەوە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیموکراتی کە لەسەر بنەمای مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان بونیاد بنرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پەرلەمانتارانی بەریتانیا و چالاکوانانی سیاسی پشتیوانیی خۆیان بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە دیدار و گفتوگۆیانە دەربڕی بە ئامانجی فراوانکردنی هاوکارییە سیاسییەکان و گەیاندنی دەنگی هاوبەشی دیموکراتخوازی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.