سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کات و وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی فەرمیی نێوان حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان دیاری نەکراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە" هیچ بەرهەمێکی نابێت ئەگەر گۆڕانکاری و هەنگاوی نوێی لەپێشەوە نەبێت.
سەعدی پیرە لە چاوپیکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پارتی ڕایگەیاند، کۆبوونەوە دەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجام و بەرەو پێشچوون بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەو پێشچوونێک لە هەڵوێستەکانی هەردوولادا بەدی ناکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ خۆشکردنی کەشوهەوا بێت، ئەوا پەیوەندیی کەسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان بەرپرسانی هەردوولادا هەیە و کێشەکە تەنیا سیاسییە.
ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکان
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی مێژوویەکی کۆنیان هەیە و گوتی: "کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی هی دوێنێ و پێرێ نییە، بەڵکو بەلایەنی کەمەوە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە ئەو کێشەیە هەر هەبووە."
هۆشداری لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان
سەعدی پیرە هۆشداریی توند دەدات و دەڵێت: "ئەگەر ئێمە خۆمان فریای خۆمان نەکەوین، کاتێک بەخەبەر دێین، درەنگ دەبێت."
ئەو پێی وایە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنیا پێویستی بە یەکڕیزی هەیە و گەلی کوردستان ئیدارەیەک قبووڵ ناکات کە نەتوانێت هەرێمەکە بپارێزێت.
سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تورکیا
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئەنقەرە، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاشکرای کرد کە ئەگەر هەیە لە ماوەی داهاتوودا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تورکیا بکات.