شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان بانە و سەقز، پێکدادانێکی چەکداریی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و گرووپێکی چەکداریی نەناسراو ڕوویدا؛
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان و میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و بریندار بوون.
پێکدادانەکە لە بازگەی سەرەکیی ڕێگەی بانە بۆ سەقز بووە و شاهیدحاڵەکان دەڵێن دەنگی تەقە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 خولەک بەردەوام بووە.
لەبارەی ژمارەی قوربانییەکانەوە زانیاریی دژبەیەک هەیە؛ میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران ڕایانگەیاندووە کە 3 پاسدار کوژراون و 5ی دیکەش بریندارن، بەڵام میدیا فەرمییەکانی دیکەی حکومەتی ئێران ئاماری کوژرانی 2 پۆلیس و پاسدار و برینداربوونی 8 کەسی دیکەیان بڵاوکردووەتەوە، کە دەگوترێت هاووڵاتیی مەدەنییشیان لە نێو دایە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی هێزەکانی ئێران لەوە زیاترە کە ڕاگەیەنراوە.
دوابەدوای گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری بانە، هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری نەخۆشخانەکەیان تەوق کردووە و ڕێگەیان بە هاتوچۆی هاووڵاتییان نەداوە.
هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە باسیان لە تێکچوونی هێڵەکانی ئینتەرنێت و چڕبوونەوەی دۆخی سەربازی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەن و حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەم ڕووداوە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ڕایانگەیاندبوو کە سوپای پاسداران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە و هۆشدارییان دابوو کە هەر هێرشێکی هاوشێوە بێ وەڵام نابێت.